Isaiah 25

ستایش بۆ یەزدان

1ئەی یەزدان، تۆ خودای منیت!
بە گەورەت دەزانم، ستایشی ناوت دەکەم،
چونکە تۆ کاری سەرسوڕهێنەرت کردووە،
پلانەکانت لە دێرزەمانەوەن،
بە دڵسۆزی چەسپاون.
2شارت کاول کرد و
شارۆچکەی قەڵابەندت وێران کرد،
قەڵای بێگانەکان وەک شار نامێنێتەوە،
بۆ هەتاهەتایە بنیاد نانرێتەوە.
3لەبەر ئەوە گەلی بەهێز ڕێزت لێ دەگرن،
شارۆچکەی نەتەوە بێ ویژدانەکان لێت دەترسن.
4بوویت بە پەناگای هەژار،
پەناگای نەدار لە کاتی تەنگانە،
چەتر لە لێزمەی باران و
سێبەر لە گەرما،
چونکە هەڵچوونی بێ ویژدانەکان
لێزمەی بارانە بەسەر دیوارەوە،
5وەک گەرمایە لە خاکی وشکدا.
هاتوهەرای بێگانەکان کپ دەکرێت
وەک گەرما بە سێبەری هەور
گۆرانی بێ ویژدانەکان زەلیل دەکرێت.

6یەزدانی سوپاسالار بۆ هەموو گەلان
لەم کێوە خوانی دابەستەکان ساز دەکات،
خوانی شەرابی سادە و دابەستە پڕ لە مۆخەکان
مەی سادەی پاڵاوتە.
7لەم کێوەدا لووشی دەدات
پەچەی سەر مردوو،
پەچە بەسەر هەموو گەلانەوە،
هەروەها ئەو سەرپۆشەی بەسەر هەموو نەتەوەکاندا پۆشراوە،
8مردن لووشدەدات بۆ هەتاهەتایە.
یەزدانی باڵادەست فرمێسک
لەسەر هەموو ڕووەکان دەسڕێتەوە،
ڕیسوایی گەلەکەی دادەماڵێت
لە هەموو زەویدا،
چونکە یەزدان فەرمووی.
9لەو ڕۆژەدا دەگوترێت:

«ئەوەتا ئەمە خودامانە،
چاوەڕێمان دەکرد، ڕزگاری کردین.
ئەمە یەزدانە، چاوەڕێمان دەکرد،
شاد دەبین و دڵشاد دەبین بە ڕزگارییەکەی.»

10دەستی یەزدان ئەم کێوە دەپارێزێت،
بەڵام مۆئاب لە جێی خۆی پێپەست دەکرێت
وەک پێپەستکردنی کا بە ئاوی تەپاڵە.
11جا مۆئاب لە ناوەڕاستیدا دەستی بڵاو دەکاتەوە
وەک چۆن مەلەوان بۆ مەلەکردن بڵاوی دەکاتەوە.
خودا لووتبەرزییەکەی دادەگرێت
لەگەڵ فرتوفێڵەکانی دەستی.
12قەڵابەندی بەرزی شووراکانت دەچەمێنێتەوە،
دایدەگرێت دەینووسێنێت بە زەوییەوە، هەتا خۆڵ.
Copyright information for CkbKSS